"پێماندەڵێن کە ئێمە وەک میدیای کوردی کێشەکان گەورەتر دەکەین بۆیە ناهێڵن کاربکەین. "

—ئازاد شوکر

(وێنەکە کێشراوە لەلایەن لوقمان ئەحمەد | دەنگی ئەمریکا)

دورگەیەکی ئارام دیمەنێکی گەشاوەی ڕۆژنامەوانی بەرهەمدێنێت

شرۆڤەکاران دەڵێن کوردستانی عێراق نموونەیەکی کۆنکرێتیە ئەو شتانە دەبینرێت کە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی دەترسن.

هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە قوربانی سەرکەوتنی خۆیەتی. توانیویەتی دوای زاڵبوون بەسەر دەسەڵاتی مشت ئاسنی سەدام حوسێن ببێتە خاوەن هەرێمێکی گەشەسەندوو و ئۆتۆنۆمی خاوەن خۆبەڕێوەبەری و هەستێکی بەهێزی شوناس.

پێکهێنانی پەناگەیەکی ئارام لەلایەن زلهێزەکانی ڕۆژئاواوە لە ساڵی 1991 بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی کورد لە هێزەکانی سەدام یارمەتی کوردەکانی دا کە ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە بنیاد بنێن.

سێ دەیە دواتر، میدیاکان دەتوانن بە ئاشکرا ڕاپۆرت بکەن، یاسایەکی ڕۆژنامەوانی بوونی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی کارەکانیانەوە، پەیامنێران- تا ڕادەیەک - بابەتەکانی دەتوانن سیاسەت و کۆمەڵگا ڕووماڵ بکەن.

ڕوسیا

دەریای قەزوێن

جۆرجیا

دەریای ڕەش

ئەرمەنستان

ئازەربایجان

تورکیا

AZ.

ناوچەکانی
کورد
زۆرینە

ئێران

سوریا

دیمەشق

بەغدا

عێڕاق

سعودیە

ئوردن

کوێت

پێشکەوتنەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازییان لێدەکرێت، بەڵام هێشتا پەیامنێران دەستگیردەکرێن یان دەستبەسەردەکرێن و دەتوانرێت هێرش بکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان، هەڕەشەیان لێ بکرێت یان هەراسان بکرێن بەهۆی پرسە سیاسییە دیارەکان.

کاتێک کارمەندانی ئاسایش لە سلێمانی لە مانگی هەشتدا بۆ ماوەیەکی کورت تیمێکیان دەستبەسەر کرد کە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا کاریان دەکرد، ئەوان پرسیاریان لە ڕۆژنامەنووسەکان کرد سەبارەت بە کارەکانیان و پەیوەندییە سیاسییەکانیان..

ئەو دەزگایانەی کە لە ناوچە جێناکۆکەکان کاردەکەن بارودۆخیان لەوە ئاڵۆزترە. کاتێک کە حکومەتی عێڕاق دەستیگرت بەسەر ئەو ناوچانە دوای ڕیفراندۆمی کورد بۆ جیابوونەوە، ڕۆژنامەنوسان توشی هەراسانکردن و ڕێگریکردنێکی زۆر بوونەوە.

هەژار رەشید کە ڕۆژنامەنووسە لە شەفەق نیوز بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند: “بارودۆخێکی شەرمەزارکەرە کە ڕۆژنامەنووسێکی کورد بیت لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان. هەر کە بە زمانی کوردی دەمت کردەوە، ئەوان (دەسەڵاتدارانی عێراق) هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ڕێگریت لێ بکەن کارەکانت ئەنجام بدەیت."

بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم لە وەڵامی ڕەخنەکان ئاماژە بە پێشکەوتنی بەردەوام لە ماوەی ئەم دوو دەیە دەکەن و ڕایدەگەیەنن کە چاکسازی زیاتر لە ئارادان. دیندار زێباری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: "حکومەتی هەرێم ڕێز لە ئازادییەکانی میدیا دەگرێت و لە هەموو بارودۆخێکدا سیاسەتەکانی بەرەو پاراستنی ئازادییەکان ئاراستە دەکات."

شانازی بە ناسنامە

بە دڵنیاییەوە ژیان لە کوردستانی عێراق لە ساڵی 2022 دا جیاوازیەکی زۆری هەیە بەراورد بە کاتی حوکمڕانی 24 ساڵەی سەدام کە هێزەکانی گازی کیمیایییان بەکارهێناو کە بووە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کورد.

عێراق له‌و ماوه‌یه‌دا نە ئازادی راده‌ربڕینی هەبووە و نه‌ پانتایی بۆ ڕه‌خنه‌ و ناکۆکی.

بە نەمانی سەدام، سەدان دەزگای ڕاگەیاندن و قوتابخانە و زانکۆ بە زمانی کوردی کرانەوە و سوور و زەرد و سەوزی ئاڵای کوردیش زیاتر لە ئاڵای عێراق لە هەموو شوێنێکدا بوونی هەیە.

لە شەقامەکانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی دوکانەکانی فرۆشتنی مۆسیقا و کتێب و فیلمی کوردی ڕیزکراون. بیلبۆردەکان بە زمانی ناوخۆیی ڕیکلام بۆ بەرهەمە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن.

ئێستا هەرێم دەیان ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و کەناڵی تەلەفزیۆنی هەیە کە زۆربەیان سەر بە پارتێکی سیاسین. زۆرترین بایەخدارترینیان بریتین لە رووداو کە بە نزیکی لە پارتی دیموکراتی کوردستانی دەسەڵاتدار دەبینرێت و ئێن ئاڕ تی کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنی نەوەی نوێیە.

پەرلەمانی هەرێم له ساڵی 2007 یاسای چاپەمەنی پەسەند کرد كه رێگری له دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان ده كات لەسەر كارەكانیان.

دیندار زێباری لە رێگەی ئەپێکی نامە ناردنەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت: "پێموایە شیکارییەکی بەراوردکاری بۆ مافەکانی میدیا لە نێوان ئێستا و دوو دەیەی ڕابردوودا دادپەروەرانە نابێت."

سەرەڕای ئەو یاسایە و دڵنیایی ئازادی ڕۆژنامەگەری، گرووپەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەڵێن کە دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم- پارتی و یەکێتی - هەوڵی ترساندن و گرتن و هەراسانکردن و لێپرسینەوە لە ڕۆژنامەنووسان دەدەن.

هەر لایەنێک دەستەڵاتی بەسەر چەند ناوچە و پارێزگایەک هەیە، ئەمەش ئاڵۆزی زیاتر بۆ پەیامنێران دروستدەکات، کە مەترسی تۆمەتبارکردنی لایەنگرییان لەسەرە بەهۆی ئەوەی گوایە پەیوەندییان بە لایەنی بەرامبەرەوە هەیە.


(Creative Commons)

وە سەرەڕای یاسای چاپەمەنی، هێشتا پەیامنێران دەستگیر دەکرێن.

ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ، کە گرووپێکی داکۆکیکارە لە ئازادی ڕۆژنامەگەری، وتی: "پێشێلکاری و هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسان ڕۆژانە ڕوودەدات."

لە ئێستادا لانی کەم چوار ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەرن، کە بە قسەکردن و نووسین دژی گەندەڵی و سیاسەتەکانی حکومەت ناسراون.

دیندار زێباری، ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم، رەتیكردەوە دەستگیركردنەكان پەیوەندییان بە رۆژنامەگەرییەوە هەبێت و بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " لە هەرێمی كوردستان دادگاكان سەربەخۆن. حکومەتی هەرێم دەستێوەردان لە پرۆسەی دادوەری ناکات."

ناوچە جێناکۆکەکان

ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان کوردستان و عێراق بۆ ڕۆژنامەنوسان تەحەدایەکی جیاواز و سەرکوتکەرتر دروستدەکەن.

کاتێک کوردەکانی عێراق لە ساڵی 2017 دا ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجام دا، زیاتر لە 90٪ دەنگیان بە جیابوونەوە دا.

دەنگدانەکە ناپابەندکەر بوو، بەڵام شەپۆلی شۆکی بۆ سەرتاسەری عێراق و وڵاتانی دراوسێی نارد. دەروازە سنوورییەکان داخران و هەناردەکردنی نەوتی وەستا و گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگیران.

لە دوای ڕیفراندۆمەكە، حكومەتی عێراق هێزی نارد بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری كەركوک و دەرکردنی پێشمەرگە.

ڕۆژنامەنووسانی کورد لەو شارە ئێستا دەڵێن لە ژێر کۆنترۆڵی بەغدادا چیتر ناتوانن بە ئازادی کار بکەن.

ئازاد شوکر لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان.

ئازاد شوکر لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان. (ئازاد شوکر)

یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە ئازاد شوکر خەڵکی شاری کەرکوکە و پەیامنێری کەناڵی گەلی کوردستان تیڤییە کە کەناڵێکی سەر بە یەکێتییە.

ئەو دەڵێت دەسەڵاتدارانی عێراق ڕەتیدەکەنەوە ڕۆژنامەنووسە کوردەکان بچنە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان و زۆرجار هێزە ئەمنییەکانیان ئۆتۆمبێلەکەی ڕادەکێشن بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکەن بەشداری بۆنە و ئاهەنگەکان بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە مۆڵەت لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک وەربگرین بۆ ئەنجامدانی کاری سادەی وەک تۆمارکردنی ڤیدیۆی شەقامەکان و بازاڕ. چەند ڕۆژێکی دەوێت تا مۆڵەتمان پێدەدەن."

ئازاد شوکر و پەیامنێرانی دیکە لە کەرکوک دەڵێن سێ بابەت هێڵی سوورن بۆ میدیاکان لەو ناوچانە: ئەو کەیسانەی کە بەرپرسی تایبەتیان تێدایە، پرسەکانی "ئاسایشی نەتەوەیی" کە بریتین لە پرسیارکردن سەبارەت بە شەڕی دژی داعش، هەروەها ڕووماڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.

ڕۆژنامەنووس هەژار ڕەشید کاکەیی لە کاتی کارکردن لە کەرکوک.

ڕۆژنامەنووس هەژار ڕەشید کاکەیی لە کاتی کارکردن لە کەرکوک. (ڕەشید کاکەیی)

هەژار ڕەشید لە ماڵپەڕی شەفەق نیوز پێی وایە دەسەڵاتدارانی عێراق لە کەرکوک میدیای کوردی دەکەنە ئامانج، بەهۆی ئەوەی ئەو میدیا کوردیانە زیاتر باسی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی پارێزگاکە دەکەن.

ئەو ڕایگەیاند، "ئێمەی رۆژنامەنوسانی كورد هەمیشە ئامانجمان ئەوەیە چیرۆكەكە بەو شێوەیە بگێڕینەوە کە هەیە. ئەگەر سەیری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی بکەیت، دەبینیت کە زۆرجار ئازادترن لە میدیاکانی دیکە (لەژێر کۆنترۆڵی بەغدادا)."

ڕەحمان غەریب لە سەنتەری میترۆ رایگەیاند، لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی وەک کەرکوک، کێشەکە بڵاوبوونەوەی گروپە چەکدارە جۆراوجۆرەکان و هێزە ئەمنییەکانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "نە یاسای عێراق و نە کوردستان لەوێ کاریان پێناکرێت. هەموو کەسێک یاسای تایبەتی خۆی هەیە." وە ڕایگەیاند، " لە هەرێمی کوردستان یاسامان هەیە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت."

بۆ ڕۆژنامەنووس هەژار رەشید ، ئەو ژینگەیە زۆرجار دەکرێت وەربگێڕێت بۆ توندوتیژی جەستەیی: هێزە ئەمنییەکان ئامێرەکانی کامێراکەیان شکاندووە، دەستیان بەسەر کارتی ڕۆژنامەوانیدا گرتووە، ڕێگرییان لێکردووە لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان، وە تەنانەت لەبەردەم خەڵکدا بە یەخەی کراسەکەیەوە ڕایانکێشاوە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هێشتا دەتوانێت ئەو کاریگەرییە ببینێت میدیا هەیەتی لەسەر ڕووداوەکان.

وتیشی: " لێرە لە کەرکوک، کاتێک دەبیتە دەنگ بۆ خەڵک، تێبینیم کردووە کە حکومەت هەندێک جار گوێت لێدەگرێت."

بۆ نمونە کاتێک میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند کە تابلۆی شەقامەکان بە زمانی کوردی لابراون، حکومەت بەڵێنی دا تابلۆکانیان بگەڕێنێتەوە - سەرکەوتنێکی بچووک کە هیوا دەهێنێت و پەیامنێرانی وەک ڕەشید بەردەوام دەکات.

وتیشی: "هێشتا لەو باوەڕەدام کە ڕۆژنامەگەری دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت."