" هیچ شتێکی نایاسایی نەبوو لە بڵاوکردنەوەکانی ئێمە … کێشەی کارەکەی ئێمە ئەوەبوو کە بە کوردی بڵاوماندەکردەوە."

—سەجاد جەهان فەرد

(وێنەکە کێشراوە لەلایەن لوقمان ئەحمەد | دەنگی ئەمریکا)

لە لێواری لەناوچوون

ئەگەر بە گوێرەی قەبارەی ژمارەی دانیشتوان و ئەو مافانە بێت کە لە دەستوری ئێران ئاماژەیان پێکراوە، کۆمەڵگەی کوردی لە ئێران دەبێت میدیایەکی گەشەسەندووی هەبێت.

بەڵام وەکو دوو ڕۆژنامەنووسی کورد کە هاوسەری یەکترن، بۆیان دەرکەوت کە بەڕێوەبردنی گۆڤارێکی کوردی چەندە سەختە لە ئێران.

لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە یاسا سەرکوتکەرەکانی ئێران و سانسۆرێکی فراوان، ڕۆژنامەنووسان بەهۆی کلتورەکەیان و پیشەکەیانەوە فشاری زۆریان لەسەرە. ئەم فشارەش زۆر کەس وەکو ئەنیسە جەعفەریمەهر و سەجاد جەهان فەرد ناچاردەکات کە وڵاتەکەیان بەرەو تاراوگە جێبهێڵن.

بەشێک لە کێشەکە بۆ میدیاکارانی کورد بەهۆی ناڕوونی لە دوو ماددەی دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت کە پەیوەندییان بە ئازادیی میدیا و زمانی ناوچەییەوە هەیە.

شارەزایان دەڵێن هەردووکیان ڕێگە بە لێکدانەوەی زۆر دەدەن، بە تایبەت کاتێک باس لە میدیای زمانی کوردی دەکرێت. وە هەردووکیان ڕێگە بە سنووردارکردن دەدەن لەسەر بنەمای ئەوەی کە بابەتێک دەکرێت قەدەغەبکرێت ئەگەر ناوەڕۆکەکەی "زیان بە بنەما بنەڕەتییەکانی ئیسلام یان مافەکانی خەڵک" بگەیەنێت .

ڕوسیا

دەریای قەزوێن

جۆرجیا

دەریای ڕەش

ئەرمەنستان

ئازەربایجان

تورکیا

AZ.

ناوچەکانی
کورد
زۆرینە

ئێران

سوریا

دیمەشق

بەغدا

عێڕاق

سعودیە

ئوردن

کوێت

لە ئێران هەر دەنگێکی سەربەخۆ یان ئۆپۆزسیۆن ڕووبەڕوی دەستبەسەرکردن یان هەراسانکردن دەبێتەوە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لانی کەم ٣٨ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون لەو پرۆسەیەی کە بەرپرسانی ئێران گرتویانەتەبەر بۆ ڕێگری لە ڕووماڵی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دوای کوژرانی ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی، کە بە تۆمەتی ئەوەی قژی بە تەواوی دانەپۆشیبوو، دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەستگیرکراون لانیکەم شەشیان کوردن یان لە میدیای کوردی کاردەکەن.

ڕۆژنامەنووسانی کورد زیاتر مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە تۆمەتبار بکرێن بە پەیوەندی بە ڕێکخراوی پژاک یاخود بە تۆمەتی هاندان بۆ جیابوونەوەی کورد لە ئێران.

پژاک پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە و نزیکەی دوو دەیە لەگەڵ تاران لە ململانێی چەکداریدایە. ساڵی ٢٠٢٠ هێزە ئەمنیەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەنیسە جەعفەریمەهر بە تۆمەتی پڕوپاگەندە کردن بۆ پژاک و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرد لەسەر ناوەڕۆکی نووسینەکانی.

دەسەڵاتداران هاودامەزرێنەری گۆڤاری J-Magazine بۆ ماوەی ١٧ ڕۆژ دەستبەسەر کرد و کاتێک ئەو داوای ئەوەی کرد کە پارێزەرێکی بۆ دابین بکرێت، پاسەوانەکانی زیندان دەستیانکرد بە پێکەنین. ئەو پێی وایە دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە گۆڤارەکەیەوە هەبووە.

ئەنیسە جەعفەریمەهر گوتی: "ناساندنی ناسنامە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ دامەزراندنی گۆڤاری J-Magazine. دوای دەیان ساڵ لە هەوڵی تواندنەوەی کلتوری کورد، ئێران چاوەڕوانی گۆڤارێکی وا جددی و سەربەخۆی نەدەکرد."

هێرشێکی سەرتاسەری

شاهۆ حوسێنی، کە شرۆڤەکاری کاروباری کوردە لە ئەڵمانیا، پێیوایە ئێران میدیای کوردی دەکاتە ئامانج، بەهۆی ئەو ڕۆڵەی کە میدیا دەیگێڕێت لە کۆکردنەوی جوڵانەوەی سیاسیدا.

لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆکی توندڕەو مەحمود ئەحمەدی نژاد لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٣، چەندین بڵاوکراوەی کوردی داخران.

شاهۆ حوسێنی ڕایگەیاند: " ئەم هەڵمەتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جددیتر بوو، چونکە بڵاوکراوە کوردییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کلتور و پەروەردەکردنی دیدێکی کوردی هەبوو بۆ ئەو پرسانەی کە کاریگەرییان لەسەر نەتەوەی کورد هەبووە."

"ئێران دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت کوردایەتی لەو ناوچانە بسڕێتەوە. دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت کورد بسڕێتەوە."

جەهان فەرد، سەرنووسەری گۆڤاری "ژ-گۆڤار" ڕایگەیاند: "ئێران دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت کوردایەتی لەو ناوچانە بسڕێتەوە. هەرچەند بتوانێت دەیەوێت کورد لەو ناوچانەدا ئاسمیلە بکات."

دەنگی ئەمەریکا چەند پرسیارێکی لەسەر ئەو بابەتە بە ئیمەیڵ ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە نیویۆرک کرد، بەڵام هیچ کامیان وەڵامیان نەدایەوە. ئیمەیڵێکی بەدواداچوون بۆ نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە "ناگەیەنرێت" گەڕێنرایەوە.

تاران کەناڵی کوردی سەر بە حکومەتی بە زمانی کوردی دابینکردووە، لەوانە کەناڵی سەحەر. بەڵام جەهان فەرد ڕەتیدەکاتەوە کە ئەو کەناڵانە بتوانن ببنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ خەڵکی کورد.

وتیشی: "ئێران ویستویەتی پەیامێكی نێودەوڵەتی بنێرێت كە گوایە كورد لە ئێران مافی هەیە. بەڵام ئەگەر بە ڕاستی سەیری ئەو کەناڵانە بکەیت کە [سەر بە دەوڵەتن]، جگە لە سووکایەتیکردن بە کورد، هیچ شتێکی جەوهەرییان تێدا نادۆزیتەوە."

لە پێداچوونەوەیەکی دەنگی ئەمەریکا کە لە مانگی دە ئەنجامدراوە لەسەر ماڵپەڕی هەواڵی سەحەر تیڤی دەرکەوتووە کە ماڵپەڕەکە بە پلەی یەکەم گرنگی داوە بە پرسە نێودەوڵەتییەکانی وەک عێراق.

بۆ هەواڵە ناوخۆییەکان، سایتەکە بابەتێکی لەبارەی لێکۆڵینەوەیەکی پەرلەمانی لە بارەی مردنی ژینا ئەمینی لەخۆگرتبوو، کە بەناو "پۆلیسی ئاکار"ی ئێرانی لە بەرپرسیارێتی مردنی ئەو ژنە کوردە بێبەری کردبوو.

هەروەها لێدوانی دیکەی حکومەت لە لاپەڕە سەرەکی ماڵپەڕەکە بڵاوکرابونەوە.

بەڵام لاپەڕە سەرەکییەکانی هەواڵەکان هیچ ڕاپۆرتێکیان بڵاونەکردبووەوە لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی کورد یان ناڕەزایەتییەکان کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە.

کۆپیەکانی  <em>J-Magazine</em>, بڵاوکراوەیەکی کلتۆری لەلایەن ئەنیسە جەعفەریمەهر و سەجاد جەهان فەرد .

کۆپیەکانی J-Magazine, بڵاوکراوەیەکی کلتۆری لەلایەن ئەنیسە جەعفەریمەهر و سەجاد جەهان فەرد . (Jahan Fard)

دەرکردن

لەگەڵ كەمبوونەوەی سەرچاوەکان بۆ هەواڵی سەربەخۆ زمانی كوردی، ڕۆژنامەنووسانی وەک ئەنیسە جەعفەریمەهر و سەجاد جەهان فەرد ویستیان ڕێگایەک بۆ پاراستنی فەرهەنگی خۆیان بدۆزنەوه.

جەهان فەرد سەرنوسەری J-Magazine

سەجاد جەهان فەرد بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "هەلی پەیوەندیکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە بە زمانەکەیان پاڵنەرێکی سەرەکی بوو لە پشت گۆڤاری ژ-ماگەزین."

دامەزرێنەرانی گۆڤارەکە چاوەڕوانیان دەکرد کە بەربەستیان بۆ دروستبکرێن، بەڵام پێشبینیان نەدەکرد کە بە هەڵکوتانە سەر ماڵ و ناچارکردنیان بە هەڵاتن کۆتایی بێت.

یەکەم جار سەجاد جەهان فەرد بەرەو دەرەوەی وڵات ڕۆیشت.

ئەو پێشتریش لەسەر بابەت و کتێبەکانی لەسەر کلتوری کوردی دەستگیرکرابوو و هەراسان کرابوو. بەڵام ئەوەی کە خاڵی وەرچەرخان بوو بریتیبوو لە وەڵامی ئێران بۆ دەستگیرکردنەکەی لەلایەن تورکیا لە ساڵی 2017.

ئەو لەو ساڵەدا بۆ بەشداریکردن لە سیمینارێک و دیدار لەگەڵ بڵاوکەرەوەکان سەفەری کرد بۆ تورکیا.

بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا تۆمەتباریان کرد بەوەی سەر بە پەکەکەیە.

لەو کاتەدا ئەنقەرە لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هەوڵی کودەتایەکی شکستخواردوودا دەیان ڕۆژنامەنووسی دەگرت.

سەجاد جەهان فەرد چوار مانگ لە زیندانێکدا لە شاری زۆرینە کوردی ماردین، لە زینداندا مایەوە. .

ئەو دوای ئازادکردنی دیپۆرت کرایەوە و دوای گەڕانەوە بۆ ئێران، دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەی درێژخایەنیان لەگەڵدا کرد.

ئەو ڕۆژنامەنوسە کوردە چیتر هەستی بە سەلامەتی نەدەکرد، بۆیە لەگەڵ ڕێکخراوی داکۆکیکاری PEN International دەستیکرد بە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ داوای پەنابەری، و لە ساڵی 2018 دا ڕووی لە ئەڵمانیا کرد.

ئەو لە تاراوگە دەستیکرد بە کارکردن بۆ دامەزراندنی گۆڤاری J-Magazine لە کاتێکدا هاوسەرەکەی کە ئەویش ڕۆژنامەنووسە لە ئێران مایەوە بۆ بەردەوامیدان بە خوێندنی ماستەر لە زمانەوانی.

سەجاد جەهان فەرد سەبارەت بە هەوڵە هاوبەشەکانیان وتی: "دەسەڵاتێکی تایبەتی پێبەخشیم. وەک دوو خۆشەویستی لە یەکدا وابوو. خۆشەویستییەک بۆ نیشتمان و خۆشەویستییەک بۆ هاوبەشی ژیانت، بەیەکەوە کۆدەبوونەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئێمە ویستمان خەڵک بیر لە ناسنامەی خۆیان بکەنەوە و شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە بکەن. ویستمان خەڵک بزانن زمانی کوردی دەتوانێت زمانی کاری ئەدەبی جدی بێت."

"ژ-گۆڤار" تەنیا سێ چاپی لە ئێران بڵاو کردەوە. سەجاد جەعفەریمەهر وتی دوای دوو بەرگی یەکەم، دەسەڵاتداران فەرمانیانکرد کە دەبیت "بەرهەمهێنانی گۆڤارەکە بوەستت."

دوای ئەم فەرمانە، بۆ دوو ڕۆژنامەنووسەکە سەخت بوو چاپکەرێک بدۆزنەوە کە بتوانێت بەبێ مەترسی گۆڤارەکە بەرهەم بهێنێت.

چاپی سێیه‌م له‌ ئه‌وروپا چاپ کرا و له‌ ئێران ته‌نها به‌ شێوه‌ی دیجیتاڵی ده‌ست ده‌که‌وت.

دواجار ئەو دوو هاوسەرە وازیان لە گۆڤاری J-Magazine هێنا، بەڵام بەردەوامن لە نووسین لەسەر کلتوری کورد لە ئێران.

ئەوان لە ساڵی ٢٠٢٢ کتێبێکیان بڵاوکردەوە بە ناونیشانی " لە شەوی کەهەبی هەرگیز کۆتایی نەهاتوو: دەنگەکان لە دەربەدەرییەوە."

بۆ ئەنیسە جەعفەریمەهر، هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی و دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەوان چەندە لە ژێر هەڕەشەدابوون وەک ڕۆژنامەنووس.

کاتێک دەسەڵاتداران ئەویان ئازادکرد پێش پرۆسەی دادگاییکردنەکەی، کەفالەتەکەی بریتی بوو لە 350 ملیۆن تۆمانی ئێرانی (نزیکەی 8300 دۆلار) . ئەو بڕە پارەیە یەکسانە بە نزیکەی تێکڕای مووچەی ساڵانەی کارمەندێکی ئاساییە لە ئێران.

لە هەمان کاتدا، خانووی ئەوان وەک بارمتە دانرا و ئەنیسە جەعفەریمەهر خرایە ژێر قەدەغەی گەشتکردن.

سەجاد جەهان فەرد لەو کاتەدا لەگەڵ کۆمپانیای پێن ئینتەرناشناڵ کاری دەکرد دەکرد بۆ دەستەبەرکردنی ڤیزای ئەڵمانیا بۆ هاوسەرەکەی. ئەوان چاوەڕێی ساتێکی گونجاویان دەکرد بۆ ڕاکردن.

ئەو ساتەوەختە دوای شەش مانگ هات، کاتێک قەدەغەی گەشتکردنیان لەسەر هەڵگیرا.

ئەنیسە جەعفەریمەهر بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "ئەگەر مەبەستیان بوایە قەدەغەکردنەکە درێژ بکەنەوە، هەندێک کاتیان پێویست بوو."

هیوایەکی کورت و هەلێکی نادیار بوو کە دەبوایە تێیدا مامەڵە بکەین. بەڵام ئەنیسە جەعفەریمەهر چانسی خۆی قۆستەوە و توانی بە فڕۆکە بەرەو ئەوروپا بڕوات.

بەڵام دایک و باوک و خوشک و براکانی لە دوای ئەو و هاوسەرەکەی بەجێ مابوون.

بۆ هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان، ڕاکردن بۆ تاراوگە ئەگەری هەیە کەسوکاریان زیاتر تووشی مەترسی بکات.

حکومەتی ئێران ناوبانگێکی زۆری هەیە لە دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە بە دژایەتی ڕژێم دەیانناسێنێت، وە بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنیان تەنانەت دوای هەڵاتنی ئەو کەسانە.

ساڵی 2020 ڕوحوڵا زام کە رۆژنامەنووسێکی ئێرانی بوو لە عێراق و بە زۆر گەڕێندرایەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی دادگایی بكرێت. دواتر دادگا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

ئەمە تاکتیکێکە کە دەستەڵاتدارانی ئێران بە هەمان شێوە بەکاریانهێنا دژی مەسیح عەلی نژاد کە کارمەندی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکایە و ئێران لە پیلانێکی ورددا هەوڵیدا لە ئەمریکاوە بیڕفێنێت.

بڕیارە لە ساڵی 2022 دا دادگایییەکی نوێ بۆ دۆسیەی ئەنیسە جەعفەریمەهر بکرێت. بەڵام ئەو ئامادە نابێت.

دوای بە جێهێشتنی وڵاتەکەی، ئەو دەچێتە پاڵ ژمارەیەکی بێشوماری کوردی ئێران کە بڕیاریان داوە ژیان دوور لە وڵات و کەسوکار باشترە لەوەی کە لە ژێر چنگی دەستەڵاتدارانی ئێران بمێننەوە.

هیچ خەمڵاندنێکی فەرمی بەردەست نییە بۆ ژمارەی ئەو کوردانەی کە لە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران وڵاتیان جێهێشتووە، بەڵام چالاکوانانی مافی مرۆڤ پێیان وایە ژمارەیان هەزاران کەسە.

زۆربەیان لە نزیک دەیان کەمپی هەرێمی کوردستان دەژین. هەندێکی تریش پەنایان بۆ ئەوروپا و شوێنەکانی دیکە بردووە.

لەوێشەوە، ئەوان هەوڵدەدەن بەردەوام بن لە گواستنەوەی زانیاری بۆ کۆمەڵگاکەیان لە وڵات.

ئەنیسە جەعفەریمەهر بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "ئەستەمە کەس لە بنەماڵە و خاک دوور بکەوێتەوە؛ تەنها ناسنامەی کورد دەبێتە هۆی ئەوەی کەسێک دەستبەسەر بکرێت."

ئەو هەروەها ڕایگەیاند: "بینینی ئەو بڕە وزە و پارەیەی کە (ئێران) بۆ دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و چالاکوانان خەرج دەکات هاندەرە بۆ بەردەوامبوون."