دراوسێکانی ئیسرائیل

دەیان ساڵەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە سەرەتای مانگی دەوە چۆتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، پاش ئەوەی میلیشیاکانی خوێناویترین هێرشیان کرد لە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیلدا و ئیسرائیلیش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە دەستیکرد بە بۆردومانێکی قورسی کەرتی غەززە. هاوکاتی هەروادێ و خراپتربوونی ڕەوشی مرۆیی لە غەززە و زۆربوونی پشێوییەکانیش لە کەناری ڕۆژئاوا، ترس هەیە لەوەی ئەم قەیرانە کاریگەری بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێی ئیسرائیل و ناوچەکانی فەلەستینییەکان.

 

میسر

میسر و ئیسرائیل چەند جارێک لە شەڕدا بوون لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکانیان. قاهیرە لە ساڵی 1948ەوە تا شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی 1967 کەرتی غەززەی گرتبوو، دوای ئەوەی ئیسرائیل کەرتی غەززەی لێسەندەوە، نیمچە دوڕگەی سینایشی داگیرکرد. شەڕی ئۆکتۆبەری ساڵی 1973 بە پەیماننامەیەکی ئاشتیانە کۆتاییپێهات و بەمەش میسر بووە یەکەم وڵاتی عەرب بە فەرمی دانبنێت بە ئیسرائیلدا و ئیسرائیلیش لە ساڵی 1979دا لە سینا کشایەوە. لەو کاتەیشەوە میسر بووە گرنگترین هاوبەشی ئاسایشیی لە ناوچەکەدا بۆ ئیسرائیل.

ساڵی 2011 پاش ئەوەی ڕاپەڕینی گەلی میسر، ڕژێمەکەی حوسنی موبارەکی ڕوخاند، پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و تەلئەڤیڤ هەڵپەساردنێکی بەخۆوە بینی، بە تایبەتیش دوای ئەو هەڵبژاردنانەی کران و حکومەتی سەر بە ئیخوانولموسلمینەکان هاتە سەر دەسەڵات. ئایدیۆلۆژیای ڕێکخراوە میلیشیاییەکەی حەماسی فەلەستینییەکان وابەستەیە بە ئیخوانەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە کودەتاکەی ساڵی 2013 دەسەڵاتی ئیخوانولموسلمینەکانی لە دەسەڵات لادا، بەڵام یاخیبوونی ئیسلامییەکان لە سینا بەردەوام کێشەی بۆ هەردوو وڵات ناوەتەوە.

سەربازێکی ئیسرائیلی ناوچەیەکی نزیک سنووری ئیسرائیل و میسر دەپارێزێت، 18ی مانگی شەشی ساڵی 2012 (AP)

سنووری ئێستای نێوان ئیسرائیل و میسر بە تەلێکی دڕکاوی تۆکمە گیراوە و بەرزاییەکەیشی لە نێوان 5 هەتا 8 مەتردایە و درێژییەکەیشی 245 کیلۆمەترە لە شاری بەندەریی ئیلات لەسەر دەریای سوورەوە دەستپێدەکات هەتا دەگاتە کەرتی غەززە. میسر بەربەستەکانی خۆیی هەن بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ کەرتی غەززەدا، بەو تەنها ناوچە سنووریەشەوە کە جێی چوون و هاتنە دەرەوەیە بۆ غەززە و لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە. زۆر جار میسر کۆتوبەندی قورسی داناوە لەسەر ئەو بنکەیەی ڕەفەح وەک بەشێک لە سەپاندنی ئەو گەمارۆیەی ئیسرائیل لەسەر حکومەتەکەی حەماس دایناوە، هەروەهاش لەبەر ڕەوشی ئاسایشیی خۆی لە پەیوەندی بە هێنان و بردنی چەک و هاتن و چوونی میلیشیاکان و کۆچبەرانی بێ ناسنامە لە سنوورەکانەوە.

 

ئوردن

شانشینی ئوردون بەشداری کردبوو لە شەڕی 1948ی عەرەب- ئیسرائیلدا دژ بە دەوڵەتی جوو، دواتریش کەناری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی قودسی داگیرکرد. ئیسرائیل پاش شەڕی شەش ڕۆژەی 1967 ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئوردون بەردەوام بوو لە دابینکردنی هەندێک خزمەتگوزاری بۆیان هەتا ساڵی 1988 کە دەستبەرداری تەواوی داخوازییەکانی بوو لەو ناوچانە.

لەم وێنەیەدا کە 13ی مانگی یازدەی ساڵی 2019 گیراوە، بەشێکی سنووری نێوان ئیسرائیل و ئوردون دەردەخات لەو چەپەرەی بە تەلی دڕکاوی دروستکراوە لە شارۆچکەی باقورە لە دۆڵی ئوردون. (AP)

لەم وێنەیە کە لە 22ی مانگی شەشی ساڵی 1967 گیراوە، پەنابەرانی فەلەستینپ نیشان دەدات کە کەلوپەلی خۆیان هەڵگرتووە و خۆیان ئامادەکردووە بەسەر پردە خراپەکەی ئەلنەبیدا بپەڕنەوە، ئەم پردە لەسەر ڕووباری ئوردون دروستکراوە. لە شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی 1967دا کاتێک ئیسرائیل دەستیگرت بەسەر کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەدا، 300 هەزار فەلەستینی هەڵاتن و زۆربەیشیان ڕوویان کردە ئوردون. (AP)

لەوەتای مۆرکردنی پەیماننامەی ئاشتی لە ساڵی 1994دا، ئوردون و ئیسرائیل بە گشتی درێژەیان داوە بە هاوکاری ئابوری و ئاسایشی و هەموو دۆسێ هەڵپەسێردراوەکانی سنوورەکانیشیان چارەسەرکراون. لە ئێستاشدا 482 کیلۆمەتری سنووری نێوان هەردوو وڵات، 3 بنکەی هەن و پارێزراون، وێڕای ئەوەی هێشتاش باری کەناری ڕۆژئاوا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە. پردی ئەلنەبی، کە بە پردی شا حوسەینیش ناودێر دەکرێت، تەنها خاڵێکی پەڕینەوەیە لە کەناری ڕۆژئاواوە لە دەرەوەی ئیسرائیلەوە کە فەلەستینییەکان بۆ سەردانیکردنی دەرەوە بەکاریدەهێنن.

 

سوریا

پاش ئاگربەستەکەی ساڵی 1949 کە کۆتاییهێنا بە شەڕی عەرەب ئیسرائیل، بەڵام ناوچەی بێ لەشکر لە نێوان ئیسرائیل و سوریادا بەردەوام مشتومڕی لەسەر بووە، بە تایبەتیش لەسەر مافی سەرچاوەی ئاو لە پەیوەندی بە ئاوی دەریاچەی تەبەریاوە. دوای شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی 1967، ئیسرائیل دەستیگرت بەسەر بەرزاییەکانی گۆلاندا و بێجگە لە بەشێکی دروزەکان نەبێت، زۆربەی دانیشتوانی سوریایی لەوێ دەرکران.

هەتا ئەمڕۆش بەرزاییە گرنگە ستراتیژییەکانی گۆلان لە ژێر دەستی ئیسرائیلدایە و بە مافی خۆیشی دەزانێت بەپێی بڕیاری ژمارە 242ی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە “پارێزراوی سنوورە دانپێدانراوەکان، دوور لە هەموو هەڕەشە و مەترسییەک یان بەکارهێنانی هێز.” لە ساڵی 1981دا ئەنجومەنی ئاسایشی یو ئێن ئەو بابەتەی ڕەتکردەوە. هەرچەندە لە ساڵی 2019دا بەڕێوبەرایەتییەکەی دانۆڵد ترامپ دانی بەوەدا نا، کە ئەو ناوچەیە بەشێکە لە ئیسرائیل، بەڵام بە گشتی و لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، هێشتاش بەرزاییەکانی گۆلان بە بەشیک لە خاکی سوریا دادەنرێت.

دانیشتوانی بەرزاییەکانی گۆلان ئاڵای سوریا و دروزیان بەرزکردۆتەوە لە بەردەم وێنەیەکی بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریادا هاوکاتی ناڕەزایی دەربڕینەکەیان دژ بە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل دوای ئەوەی بەرزاییەکانی گۆلانی بە خاکی ئیسرائیل ناودێرکرد. (AP)

ئەو ناوچەیە ئەزموونی ناسەقامگیریی بە خۆوە بینیوە و ناوە ناوەش شەڕ ڕوویانداوە وەک لێکەوتەیەکی شەڕی ناوخۆی سوریا هاوکاتی پشتیوانییەکانی ئێران و ڕێکخراوە میلیشیاییەکەی حزبوڵا بۆ سەرۆک بەشار ئەلئەسەد لەو سەرکوتکردنە توندوتیژئامێزەی دژی سەرهەڵداوە سووننەکان دەیکرد. ئەمەش درزی خستە نێو هاوپەیمانێتی سوریا و ئێران لەگەڵ حەماسدا، کە بە گشتی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا دەکرد، بەڵام لە ساڵی 2018دا پەیوەندیەکانیان وەک خۆی لێهاتەوە. ئیسرائیل بە فەرمی لانەگر بووە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا، بەڵام هێرشی ئاسمانیشی کردۆتە سەر هێزەکانی ئێران و حزبوڵا لە ناو سوریادا.

 

لوبنان

ئیسرائیل مێژوویەکی پڕ لە کێشمەکێشی هەیە لەگەڵ لایەنە ئاینی و سیاسییەکانی لوبناندا. لوبنان ڕۆڵێکی کەمی هەبووە لە شەڕەکانی 1948 و 1967دا، هەروەها بەشداریشی نەکردووە لە شەڕی ئۆکتۆبەری 1973دا. هەرچۆنێک بێت، لە درەنگانێکی ساڵانی شەستەکانەوە، هاوکاتی دەستپێکی بەکارهێنانی باشوری لوبنان لەلایەن ڕێکخراوە یاخیبووە فەلەستینییەکانەوە وەک بنکەیەک بۆ جموجۆڵەکانیان، ئیسرائیل دەستیکرد بە هێرشی تۆڵەکردنەوە لەسەر خاکی لوبنان و هاوپەیمانێتیشی دروستکرد لەگەڵ میلیشیا کریستیانەکاندا. میلیشیا کریستیانەکان لەو وڵاتەدا چەند جارێک کۆمەڵکوژیی فەلەستینییەکانیان کردووە لە لوبناندا.

لەم وێنەیەدا کە ڕۆژی 28ی مانگی نۆی ساڵی 1982 گیراون، تانکەکانی ئیسرائیل دەبینرێن بە شەقامەکانی ڕۆژئاوای بەیرووتدا دەسوڕێنەوە پاش ئەوەی ناوچەی ڕۆژئاوای بەیرووتیان جێهێشت. (AP)

دوابەدوای هێرشەکەی ساڵی 1982ی ئیسرائیل و داگیرکردنی باشوری لوبنان، میلیشیا شیعەکانی حزبوڵا دروستبوو و دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیشی لە ناوچەکەدا. ئیسرائیل کشایەوە بۆ ئەو هێڵە شینە سنوورییەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2000دا داینابوو، بەڵام هەر کۆنترۆڵی بەشێکی ناوچەی کێڵگەکانی شەبعای لەدەستدا مایەوە، هەرچەندە بەیرووت بەردەوام ڕایدەگەیاند کێڵگەکانی شەبعا خاکی لوبنانە.

بەهۆی تۆپبارانەکەی ڕۆژی 14ی مانگی دەی ساڵی 2023ی ئیسرائیلەوە بۆ سەر دەوروبەری گوندی کەفر شوبا، دوكەڵ بەرزدەبێتەوە. ئەو تۆپبارانە هاوکاتی ئەو شەڕە تەقەیە ڕوویدا لە نێوان چەکدارەکانی حزبوڵا و سەربازەکانی ئیسرائیلدا لە ناوچە سنوورییەکەی لوبنان و بەرزاییەکانی گۆلانی سوریادا. (AP)

مشتومڕ لەسەر کێڵگەکان وەک هۆکارێک بەکارهێنراوە بۆ هێرشی زیاتری حزبوڵا کە بەهۆی دابینکردنی یارمەتی و کۆمەکە لەشکرییەکانەوە لەلایەن ئێران و سوریاوە، بووەتە دوژمنێکی سەرسەختی ئیسرائیل. هێرشێکی ساڵی 2006 بووە مایەی هەڵمەتێکی تۆڵە سەندنەوەی ئیسرائیل و لەو کاتەشەوە ناو بە ناو شەڕ ڕوودەدات لە ناوچە سنوورییەکاندا. دوابەدوای هێرشە لەناکاوەکەی ڕۆژی 7ی مانگی دەی ساڵی 2023ی حەماس بۆ سەر سنووری باشوری ئیسرائیل لەگەڵ کەرتی غەززە؛ حزبوڵا بە هێرشە موشەکییەکانی هێڵی شینی سنوورە دیاریکراوەکەی بەزاندووە و هەروەهاش تەقەی کردووە لە هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل. هەرچەندە ئێران بە فەرمی نکوڵیی دەکات لەوەی هیچ دەستێکی تیایدا هەبێت، بەڵام هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن، دەشێت ئەو هێرشەی حەماس بە ڕێکخستن بووبێت لەگەڵ حزبوڵا و هێزی پاسدارانی ئێراندا.

زیادبوونی گرژییەکان

لەگەڵ چارەسەرنەکردنی داواکارییەکان لەسەر شوێنەکانی ناوچەکە و ئەو هەموو چەکە زۆرەی لەو ناوچەیەدا هەن، سنووری نێوان ئیسرائیل و فەلەستین هەر شوێنی پشێوی و ئاڵۆزی بووە تەنانەت بەر لە توندوتیژییەکانی ئەم دواییە. جا لەگەڵ هەروادێ زیاترکردنی تواناییە لەشکرییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەوڵەکان زۆرن بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ئەم قەیرانە وەربچەرخێت بۆ شەڕێکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.